انسان شناسی و فزهنگ
انسان شناسی، علمی ترین رشته علوم انسانی و انسانی ترین رشته در علوم است.

سنە شاری هەزار هەیکەل

سنە یەکێکە لە شارە گەورە و گرینگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەبەر هۆکاری پەیکەرە جوان و پڕماناکانی کە لەسەر دەستی هونەرمەندانی شارەکە دروست کراون، ئەوڕۆ لە هەموو ئێران بەناوبانگە بە شاری پەیکەرەکان. هەڵبەت لە بیرمان بێت کە ئەم پەیکەرە سەردەمیانە تەنها ئەسەری سەرنج­راکێشی ئەم شارە نین و کۆمەڵێک شوێنەواری پێش مێژوویی و مێژوویی ئەم شارە نابێت

لە یادبکرێت. پەیکەرەکانی شاری سنە، دەربڕی مێژوو، بیرکردنەوە و چاندی خەڵکی ناوچەکەن. لەوانەیە ئەوڕۆ کە دێیتە ناو شاری سنە، زۆر بە کەمی خەڵکانێک ببینیت کە جلی کوردییان لەبەر بێت و رێبوار هەست بەوە ناکات کە هاتۆتە ناو شارێکی کوردی. تەنانەت تەلارسازی کوردی تەنها لە گەڕەکە کۆنەکانی ئەم شارە کە ئێستا دەکەونە ناو دڵی شارەکە، مابێتەوە و ئیتر روخساری کوردی لە کۆڵان و شەقام و مەیانی شارەکە نەبینرێت، بەڵام ئەم هەیکەلانە بە بوونی پڕهێز و پڕ مانای خۆیانەوە لە مەیدان و شوێنە جیاوازەکانی ئەم شارە، کوردی بوونی شوێنمان وەبیردەخاتەوە. شۆناسی شوێن یەکێکە لە هەرە گرینگترین باسەکان هەم لە شارسازی، هەم لە باسی نەتەوایەتی و هەروەها لە دنیای بەرەو یەکرەنگ چوونی ئەم سەردەمە. بەرەو یەکجۆری رۆشتنی تەلارسازی، پۆشاک، زمان و دەرکەوتەکانی­تری دنیای ئەوڕۆ، دەرکەوتنی شۆناسی شارەکانی بەرەوڕووی کێشە کردووە. لەم ناوەدا، شاری سنە، لە نێو شارەکانی­تری کوردەواری لە ئێران دا، توانیویەتی ئەم دەرکەوتن و دەربڕینی شۆناس لە رێگای ئێلێمێنتەکانی شارەوە، بە دانانی پەیکەر­هایێک کە هەڵگری مێژوو و چاندی ناوچەکەن، بە ئەنجام بگەیێنێت.

وەک هەمووشارەکانی­تری ئێران، زۆربەی ئەو پەیکەرانەی کە لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کورد دروست کراون، هی گەورە پیاوانە، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا سەرنجمان رادەکێشێت بوونی دوو پەیکەر لە ژنە لەم شارەدا. یەکێک لەم پەیکەرانە هی گەورەژنی شاعری کورد، ماه شەرەف خانم یان مەستوورە ئەردەڵان ە ( کە بە پێی هەندێ سەرچاوە بە یەکەمین ژنی مێژوونووس دەناسرێت). ئەم هەیکەلە لە هەمان نزیکی شوێنی نیشتەجێ­بوونی مەستتورە خانم، واتە گەڕەکی خانەقا، دانراوە و لەسەر دەستی هادی زیادینی دروست­کراوە. ژنێک کە لەم هەیکەلەدا دەیبینین، نەک لەبەر جوانی یان لەشی یان جەخت­کردنەوە لەسەر دایکایەتی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە کتێبێکی بەدەستەوەیە، زۆر سەرنج راکێشە، تەنانەت بۆ کەسێکیش کە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم خانمە نەبێت. ئەو رەهەندە لە ژن، کە لە ناوچەی ئێران نواندنی دەگمەنە. پەیکەرساز، لە دروست­کردنی ئەم پەیکەرە و بەوێنەکردنی مەستورە ئەردەڵان، و لە لێڤێڵێکی­تر، لە بەرجەستە­کردنی ژن، بە وریایی دەستی داوەتە کارەکەوە. ژنی کورد، لە زۆربەی کات چەرمەسەری و خەفەتاوی بوونی، یان شۆڕشگێڕییەکەی بەرجەستە کراوە، بەڵام لەم پەیکەرەدا، ژنێکی بە جلی کوردییەوە دەبینین کە شادە و کتێبەکەی دەستی، خۆی دەنوێنێ. واتە ژنێکی کورد بەڵام نەک بێ توانای خوێندن و نووسین و یان خەمین، بەڵکوو زانا و شاد.

پەیکەرەکەیتر، ژنێکی گۆزەڵە بەشانە بە جلی کوردییەوە. لە شارێکی نێرینە، کە بۆشایی گشتی[i] شارەکە، زۆرتر بەدەست پیاوانەوەیە، بوونی ئلێمانگەلێ مێیینە لەم جۆرە، زۆر بەرچاو دەبێت (لێرەدا باس لەوە ناکەین کە ژنان لە شاری سنە، لە بۆشایی گشتی چۆن دەردەکەوەن و یان ئەوەی کە وشەی شار چ لە زمانی کوردی، چ لاتین، چ ئنگلیزی و چ عەرەبی، ووشەیێکی مێیینەیە، بەڵکوو تەنها ئاماژەیێک دەدەین بەم جۆرە ئێلێمانە شارییانە و لە نووسینەکانی داهاتوودا، وردتر باسی لێوەدەکەین).

بوونی ئەم هەیکەلانە، پێش هەموو شتێک، لە ژێر سایەی پەیکەرسازە گەورەکانی شارەکەیە وەک: مەهدی زیادینی، سابر میکاییلی، ئەحمەد خەلیلیفەرد، هادی زیادینی. تایبەتمەندی ئەم پەیکەرانە ئەوەیە کە هەموویان هەڵگری چاندی ناوچەکەن.

بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار و گەشت وگوزاری پارێزگای کوردستان لە ساڵی ٢٠١۴ زایینی، ژمارەیێک کتێبچەی چاپ کردووە کە رەسمی سێزدە دانە لەم پەیکەرانەی تێدایە. لە ژێر هەر ەسمێکیش­دا، تایبەتمەندییەکانی پەیکەرەکە وەک ساڵی دروست­کردن، مادەی بەکاربراو، بەرزایی، ناوی پەیکەرەکە و ناوی پەیکەرسازەکە، هاتووە.[ii]

این مطلب ترجمه مطلبی است که پیشتر به زبان فارسی تحت عنوان سنندج شهر مجسمه ها برروی سایت گذاشته شده است

[i]- Public Sphere

[ii] – بۆ زانیاری زۆرتر لەسەر ئەم کتێبچە، دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی دایرەی شوێنەوار و گەشت و گوزاری پارێزگەی کوردستان (ئێران) بکەن : www.kurdistanmiras.ir