انسان شناسی و فزهنگ
انسان شناسی، علمی ترین رشته علوم انسانی و انسانی ترین رشته در علوم است.

کاریگەری چاند لەسەر جووڵە و وەرزش

گۆڕانی تەرزی ژیانی مرۆڤ لە کۆچەری و خێوەندی بۆ نیشتەجێ بوون (کە لە شوێنەوارناسی بە یەکێک لە وەرچەرخانە هەرە گرینگەکانی مرۆڤ ناودەبرێت)، کاریگەرییەکی گەورە و هەمە لایەنەی لەسەر ژیانی مرۆڤ دانا، لە کاریگەرییەکەی لەسەر ئایینەوە بیگرە هەتاکوو شێوازی خۆراک و سیاسەت و هەروەها جووڵە و وەرزش. هیچ سەیر نییە کە رادە و هەروەها شێوازی جووڵەی لەش، لە ژیانی خەڵکانێک کە کۆچەری دەژین، جیاواز بێ لەو خەڵکانەی کە ژیانی نیشتەجێیان هەڵبژاردووە. کە لە کۆنەوە بەرەو ئەوڕۆ بێین، دەبینین تەرزی ژیانی خەڵک بە رادەیێکی زۆر گۆڕاوە و یەکێک لەوانە هەرچی کەمتر بوونەوەی جووڵەی لەشە.

مرۆڤ لە سەردەمی کۆن دا، جووڵەیێکی زۆری بوو لەبەر هۆکارگەلی جیاواز وەک: دەست­خستنی خۆراک، پاراستنی خۆی و کەسەکانی لە مەترسییەکان ، راکردن لەدەستی ئاژەڵەکان، کۆچ بە پێی گۆڕانی وەرزەکان و هەروەها دەست خستنی سەرچاوەی خۆراکی تازە. کە بەرەو سەردەمی ئێستا دێین، لە جووڵەی خۆی کەمی کردۆتەوە نەک لەبەر ئەوەی کە ئیتر پێویستی بە خۆراک یان خۆپاراستن نماوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە رێگایتری دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی کە پێداویستییەکانی بە جووڵەیێکی کەمترەوە دابین بکات، ئیتر ئەمە چ لە رێگەی بەکارگرتنی ئاژەڵ بێت یان بەکارگرتنی مرۆڤی­تر (وەک کارپێکردنی زۆرەملی بە ئەفریقییەکان لە مەزراکانی پەمۆ لە ئەمریکا لە سەردەمی پێش هەڵوەشاندنەوەی بەندەداری)، و یان لە رێگەی دروست­کردنی کەرەسە و مەکینەی جۆراوجۆر. ئێستا لەم سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین، بەکارهێنانی مەکینەکان هەر ئێگجار زۆرە، ئینجا یاری و گەمە کۆنەکان کە بەشێکن لە چاندی هەر ناوچە و وڵاتێک( بۆ نموونە لە کوردەواری­دا هەلووکێن، حەوت بەردێن…)، جێگەی خۆیان دەدەن بە یارییە تازەکان کە زۆربەی هەرەزۆریان یاری کۆمپیوتێرین، هەر لەسەرەتای مناڵییەوە لەش وەها باردێنین کە هەرچی کەمتر بجووڵێت.

بە گشتی دوو دەستە هۆکارمان هەیە بۆ سەر رادەی جووڵە لە نێو خەڵکی کۆمەڵگەیێک­دا، هۆکاری جێگە و شوێن (وەک لەباربوونی شەقام و پارکەکان بۆ پیاسە یان راکردن) و هۆکاری چاندی ( وەک بە عەیب نەزانینی راکردن لەسەر شەقام). بۆ نموونە، لە باشووری کوردستان، ئەوکەسانە بە پێ دەڕۆن بۆ شوێنان، ئەوکەسانەن کە سەیارەیان نییە، نەک کەسانێک کە بە قەسد و لەبەر سەلامەتی خۆیان، بە پێ رۆشتنیان هەڵبژاردبێت. واتە بە پێ رۆشتن هی چینی خوارەوەیە، بۆیە زۆر خەڵک بە بێ ئەوەی کە ئاگادارانە بیرییان لێ کردبێتەوە، بە پێ ناڕۆن و بەردەوام سەیارەکەیان بەکار دێنن چون سەیارە ئایتمێکە کە پلەی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات و کەس حەزناکا بە چینی خواری کۆمەڵگە لەقەڵەم بدرێت. بە واتەیێکی­تر، لەم چاندەدا، بەشێک لە جووڵەی رۆژانە، واتە بە پێ رۆشتن، کە سادەترین، کەم هەزینەترین و لەبەردەست­ترین شێوازی جووڵە و وەرزشە، بە کەم بایەخ دادەنرێت و خۆی لێ دەپارێزێ. و بەم شێوەیە یەکێک لە باشترین و سادەترین ریگەکانی پاراستنی سڵامەتی خەڵکەکەی قەدەغە دەکات. نموونەیێکی­تری کاریگەری چاند لەسەر جووڵەی لەش لە کۆمەڵگە، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ژنان. لە چاندگەلێک­دا کە بوونی ژن لە بۆشایی گشتی[i] (وەک شەقام ) کەمە و بە مەرجە (وەک مەرجی شێوازی جل پۆشین، مەرجی کات و… )، پیاسەکردن یان وەرزشی ژنان زۆر راژە و رادەی دێتە خوار لە بەراورد لەگەڵ ئەو چاندانەی کە بوونی ژن لە بۆشایی گشتی بە مەرج یان سنوردار نییە. واتە ئەگەر بەها کۆمەڵایەتییەکان لە جڤاکێک­دا، راستەوخۆش باس لە وەرزش یان جووڵە نەکات، بەڵام هەر ناراستەوخۆ کاریگەری خۆی هەیە. لێرەدایە کە دەردەکەوێت چەند پێویستە کە پلان و بەرنامەی حکومیمان هەبێت لە بواری جێ خستن و گەشەپێدانی وەرزش و جووڵەی رۆژانە، لە دونیای ئەوڕۆ، کە کاتی بە دانیشتنەوە بوونی مرۆڤ بەرەو هەرچی زۆرتر چوون، دەڕوا. پلانمان هەبێت بۆ گۆڕینی ئەو بەها کۆمەڵایەتییانە کە رێگە لە جووڵەی رۆژانەی لەش دەگرن. هەروەها هەرچی زۆرتر ئیش بکرێت لەسەر داڕشتن و معماری شەقامەکان (نەک تەنها پارکەکان) کە رێگە بدات و تەنانەت خەڵک رابکێشێت کە ئشتیایان بچێتە سەر ئەوەی کە بە پێ بڕۆن. ئەمە هیچ کارێکی قورس نییە. هەروەها کە بە ئاسانی وا لە خەڵک دەکەین کە ئەگەر تەنانەت برسیشیان نییە بەڵام هەر بڕۆنە چێشتخانە و نان بخۆن، پێویستییان بە جل کڕین نییە بەڵام وایان لێ دەکەین حەز بکەن کە جل بکڕن، دەتوانین وەهاش بکەێن کە حەزیان لە جووڵە و وەرزش و پیاسە بێت نەک سەیارە و تەممەڵی.

[i] – Public sphere