حامێد جەلیلوەند وەرگێڕان لە فارسییەوە: ساماڵ عرفانی
ئێریک موریتز فۆن هۆرن بۆستێڵ (١٩٣۵-١٨٧٧)، ئێتنۆموزیکۆلۆجیست، موزیکزان و موزیکدانەری نەمسایی بوو. گرینگترین و ناسراوترین ئیشی، داهێنانی سیستەمی پۆلێنکردنی ئامێرەموزیکیەکان بە هاوکاری کۆرت زاکس بوو. هورن بۆستێڵ لە وێننا و لە بنەماڵەیێکی موزیکپەروەر لە دایک بوو.
نوشتههای مرتبط
ئێریک موریتز فۆن هۆرن بۆستێڵ [۱] (١٩٣۵-١٨٧٧)، ئێتنۆموزیکۆلۆجیست، موزیکزان و موزیکدانەری نەمسایی بوو. گرینگترین و ناسراوترین ئیشی، داهێنانی سیستەمی پۆلێنکردنی ئامێرەموزیکیەکان بە هاوکاری کۆرت زاکس بوو. هورن بۆستێڵ لە وێننا و لە بنەماڵەیێکی موزیکپەروەر لە دایک بوو. دایکی لە گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکان و باوکیشی لە دادوەرە پلە یەکەمەکانی ئەڵمانیا بوو. هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ پیانۆ و تیۆری موزیک ئاشنایی پەیداکرد، بەڵام خوێندنی باڵای نەک لە موزیک، بەڵکوو لە زانکۆی هایدێڵبێرگ و وێننا ، لە زانستە سرووشتیەکان ئەنجامدا. و دواترێش دکتۆرای لە زانستی کیمیا لە زانکۆی وێننا تەواوکرد. دواتر رۆشت بۆ بەرلین و وەک یاریدەدەری شتامپف لە دامەزراوەی دەروونناسی بەرلین دەستی بە ئیشکرد. هورنبۆستێڵ هەروەها لە ئارشیڤی فۆنۆگرافی بەرلین لەگەڵ شتامپف هاوکاری دەکرد و لە ساڵی ١٩٠۵ بوو بە راگری ئەو دامەزراوەیە. لە ساڵی ١٩٣٣ لەبەر ئەوەی دایکی جوولەکە بوو، لەلایەن نازییەکانەوە لە هەموو ئیشەکانی لابرا و دواتریش لە ئاڵمانیا دەرکرا. هورن بۆستێڵ لە دوای ئەوە، یەکەم جار چوو بۆ سویسڕا و دوایان بۆ ئەمریکا. هەرچەند لە کۆتاییدا، رۆشت بۆ بەریتانیا و لە زانکۆی کەمبریج دەستی بە ئیش کرد. لە ساڵی ١٩٣۵ لە لەندەن کۆچی دواییکرد.
هۆرنبۆستێڵ، هاوشان لەگەڵ شتامپف، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنی موزیکناسی بەراوردی[۲]. بەبڕوای هۆرنبۆستێڵ، موزیکناسی بەراوردی، شوێنگەی یەکتربڕی سێ زانستی قەومناسی، موزیکناسی و دەروونناسییە و هەربۆیە پێی وابوو کە موزیکناسی بەراوردی لە تێکهەڵکێشکردنی ئەم سێ زانستە دروستبووە وجیاوازە لە موزیکناسی قەومی کە زۆرتر گرینگی بە لایەنی کەلتوری و مرۆڤناسی و ئێتنۆگرافیک دەدات(حەجاریان، ١٣٨٧ :۴٧).
هۆرنبۆستێڵ هیوادار بوو کە موزیکناسی بەراوردی بتوانێ زانیارییە ئەزمونیەکان لە ناسینی شێوازەکانی موزیک، هاڕمۆنی، هەماهەنگی دەنگ و بنەمای ریتم، بەکارببات(هەمان: ۴۵).
هورنبۆستێڵ لە وتارێکی دا کە لە ساڵی ١٩٠۵ دەرچوو، ئامانج و ئەرکی موزیکناسی بەراوردی ئاوەها باس دەکات: < موزیکناسی بەراوردی سەرەکیترین رێگای ناسین و لێکۆڵینەوە لە ستایلەکانی موزیکە لەبەر ئەوەی کە لەسەر ئەم بنەمایە یەکەم، دەتوانین شیکاری هەموو ستایلەکانی موزیک بکەین. دووهەم، دەتوانین ستایلەکان لەگەڵ یەکتر بەراوردبکەین و جیاوازیەکانیان دەربخەین. لە لایێکیترەوە، بەراوردکردنی ستایلە جیاوازەکانی موزیک لەگەڵ یەکدی، دەبێتە هوی روونکردنەەوەی تایبەتمەندییەکانی هەریەک لە ستایلەکان، کە ئەم تایبەتمەندییە لێکچووانە دەکرێت وەک یاسای گشتی تۆماربکرێن. بەراوردکردن لە هەموو زانستەکاندا بەکاردەبرێت…>(مەسعوودییە، ١٣٨٣ :١٩). لە شوێنێکیتر دەڵێت< دەستنیشانکردنی ستایلەکانی موزیکی کۆن بە بەکارهێنانی ئەوشتەی کە ئێستا لەبەردەستمانە واتە ئامانجی موزیکناسی بەراوردی، کە دەرخستنی پەرەسەندنی مێژوویی و بنەما گشتییەکانی جوانیناسی موزیکە…پێویستە تایبەتمەندییەکانی چاندی موسیقایی خەلکە بەراییەکان، بەراورد بکەین ەگەڵ تایبەتمەندییەکانی موزیکی چاندە کەڤنارەکان. لەسەر ئەم بنەمایە، لە مابەینی موزیکی خەڵکە بەراییەکان و چاندە کەڤنارەەکان لێکچوون هەیە…>(هەمان).
هۆرنبۆستێڵ، خۆی یەکێکە لە بونیاتنەرەکانی موزیکناسی بەراوردی بەرلین. لێکۆڵینەوەکانی لە ساڵەکانی ١٩٠۴، پلەی ئەوی زۆر بەرزتر کردەوە. باسەکانی ئەو سەردەمە زۆرتر دەربارەی دەرونناسی بیستن لە موزیک و فیزیۆلۆجی بوو، هۆرنبۆستێڵ بازنەی ئەم باسانەی فراوانتر کرد و باسی مێژوو و چاند[۳]یشی پێ زیادکرد (حەجاریان، ١٣٨٧ :۴٨).
هۆرنبوستێڵ لیکۆڵینەوەی مەیدانی[۴] نەبوو و لە تاقیگە و ژوورەکەی لەسەر سیلەندرەکانی موزیک ئیشی دەکرد. ئەو لەگەڵ ئابراهام، میتۆدەکەیان زۆرتر چاوی دەخستە سەر لایەنی مێلۆدیک و بە تایبەتی سکێڵەکانی موزیک. ئەوان لە ئیشەکانیاندا ژمارەی تۆنەکان، پێوەندی تۆنەکان و مەودای تۆنەکانیان شی دەکردەوە. لە رێگەی ئەم شێوە لە لێکۆڵینەوە لەو بابەتانەی نێومان برد، بهسە تیۆریەکان وەک مەودای پێنتاتۆنیک، تێتڕاتۆنیک، تڕایتۆنیک و یان ئەژمارکردنی مەودا بچوکترەکانیان (چارەکەتۆن) رەچاودەکرد و باسیان لە تۆنە سەرەکییەکان دەکرد لە رووی هەڵکەوتەی هەرەمییان.
ئەو پارچە موزیکانەی کە لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر دەکرا، لە رێگای میتۆدی ئاماری، خاڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ یەکتر بەراورد دەکرا و ئەنجامی گشتی پێشکەش دەکرا. هەروەها لێکدانەوەیان لەسەر ریتم، میتر و پێوەندی نێوانیان و بێژەکان دەکرد. هۆرن بۆستێڵ دەیگوت تایبەتمەندی لێکچوو لە سیستەمی بیستنی مرۆڤدا هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانێ سیستمگەڵی جیاوازی موزیک، لەیەک جودا بکاتەوە. میتۆدی هۆرنبۆستێڵ لەسەر بنەمای میتۆدی رۆژئاوایی بوو کە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ رۆڵێکی کاریگەری لەسەر میتۆدۆلۆجی موتالاتی موزیکی جیهان هەبوو(حەجاریان،١٣٨٧ :١٢٧-١٢۶). هورنبۆستێڵ هەروەها باسی لە پێوەندی زمان و موزیک دەکرد و لەم بارەدا دەڵێ: <پێوەندی موزیک و بێژە وەها لەیەک نزیکە کە باسی ئەوەی کە یەکەمجار کامیان هەبووە، تێکەڵ بووە(هەمان :۴۵).
وتاری “موزیکی ژاپون ” کە لە ساڵی ١٩٠٣ دا بە هاوکاری ئابراهام نوسیویەتی، لە یەکەم وتارەکانە کە باس لە لێکۆڵینەوەی ئاماری موزیکی قەومەکان دەکات و میتۆدێکی تایبەتی بەکارهێناوە کە خەڵکانیتریش بەکاریان هێناوە.
گرینگترین تیۆری هۆرنبٶستێڵ تیۆریەکەی لەسەر چۆنیەتی بەدوای یەکترهاتنی مەودای پێنجەم بە فووکردنە ناو لوولەی دەنگییە. <هۆرنبۆستێڵ پێی وایە کە ئەم بەدوای یەکترهاتنە لەبەر جیاوازی کۆمایێکی فیساگورسی بەرابەر لەگەڵ ٢۴سێنت، دروست بووە. واتە مەودای پێنجەم، دەرەنجامی فووکردنە نێو لولەی دەنگی ۶٧٨ سێنتییە. لە بەدوای یەکترداهاتنی مەودای پێنجەم، ئەم کەمییە روو لە زیادبوون دەکات تا رادەیێک کە بەدوای یەکترداهاتنی تەواو نەک بە ١٢ بەڵکوو بە ٢٣، کۆتایی پێدێت. هۆرنبۆستێڵ لەرێگەی ئەم تیۆرییەوە هەوڵدەدات کە بنەمای سیستەمی تۆنالی هەندێ لە چاندە موزیکییە نارۆژئاواییەکان دەستنیشان بکات و پێوەندییان بە شێوازی میراتهەڵگری یەکتربوون، دەربخات(مەسعوودییە،١٣٨٣ :١٩). هۆرنبۆستێڵ لەسەر لێکچوونی کۆک کردنی ئامێری پانپایپ[۵] لە بڕازیل و ئامێری پانپایپ لە ئوقیانووسیە، ئەم تئۆرییەی دەرکرد کە ئەم دوو ناوچەیە لە کۆندا لەگەڵ یەکتر پێوەندییان هەبووە(نێتڵ١٣۶۵ :١١). ئەم وتارە لە ١٩١٠ بە ناونیشانی ” جۆرەکانی پانپایپ لە باکوری رۆژئاوای بڕازیل” چاپکرا و هۆرنبۆستێڵ دەیویست بەپاڵپشتی تیۆری فووکردن لە مەودای پێنجەمدا، چۆنیەتی پەرەسەندنی چەمکێکی موزیکی لە رێگای ئامێرناسی روونبکاتەوە. هەرچەند ئەم بابەتە رەخنەی زۆری لێگیرا بەڵام هێشتا هەر وەک نموونەیەکی کلاسیک لە ئێتنۆموزیکۆلۆجی لە سەر بەراوردکاری و پەرەسەندن ئاماژەی پێدەکرێت.
وتاری “پۆلێنکردنی ئامێرەکانی موزیک” کە لە ساڵی١٩١۴ دەرچوو، لە گرینگترین بەرهەمەکانی قۆتابخانەی بەرلینە کە هورنبۆستێڵ بە هاوکاری کۆرت زاکس نووسیویەتی. ئەم ئیشە بە ئایدیاوەرگرتن لە شێوەی ئیشکردنی ویکتۆرماهیلۆن[۶]، نووسراوە و هێشتاکان هەر یەکێکە لە سەرچاوەکان بۆ پۆلێنکردنی ئامێرەکان. هۆرنبٶستێڵ پەرتوکێکی تایبەتی دەربارەی موزیکناسی بەراوردی نەنووسی و زۆربەی نووسراوەکانی بە شێوازی وتار لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بڵاو بۆوە. کۆی نووسینەکانی هۆرنبۆستێڵ و هەندێک لە نووسینەکانی ئابراهام بە نێوی ” ئوپرائامنیا”[۷] لەسەر ئەرکی یاپ کونست[۸] کۆکرایەوە وچاپ کرا. لە شاگردەکانی دەتوانین ئاماژەبکەین بە جۆرج هێرتزاگ، کۆرتزاکس، جۆرج شونمان، موریس شنایدێر، رابێرت لاکسمان، هانزهایکمان، هێنریش هۆسما، هانس دراگر، ڤاڵتر ویۆرا، کلۆز ڤۆکسمان، فرانتز بواس، فریتز بۆس و کۆلینسکی. هەندێ لە بەرهەمەکانیتری بریتین لە: مۆتالای سیستەمی تێتڕاکۆرد لە موزیکی ژاپۆن (١٩٠٣)، موزیکی تورکی تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف (١٩٠۴)، موزیکی هندی تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف (١٩٠۴)، دەربارەی گرینگی فۆنۆگراف و موزیکناسی بەراوردی (١٩٠۴)، میلۆدی بۆمیەکانی ئەمریکا (نیشتەجێی کۆلۆمبیای بەریتانیا) تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف (١٩٠۶)، موزیکی مەکوشی، تالیپانگ و یەکونا (بومی ئەمریکا)، وتاری “گرینگی بەکارهێنانی فۆنۆگراف لە زانستی موزیکدا” (١٩٠۴)، میلۆدی تونس تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف، میلۆدی سەما، خوێندنەوە لەسەر موزیک-دەروونناسی، بابەتەکانی موزیکناسی بەراوردی، لێکۆڵینەوەی ئەزمونی لە دەروونناسی موزیکدا، لێکۆڵینەوە لەسەر موزیکی “تیرا دل فواگۆ”، وتاری “پێشنیارێک بۆ بەنۆتەکردنی میلۆدییە بێگانەکان” (١٩٠٩)، وتاری “میلۆدی و سکێڵ” (١٩١٢)، وتاری “موزیکی رەشپێستەکانی ئەفریقا”(١٩٢٨)، و وتاری “ئاوازەکانی فیوجی”(١٩٣۶) دەربارەی عەشیرەی فیوجی ئەمریکا.
سەرچاوەکان:
حجاریان، محسن. (۱۳۸۵) مقدمهای بر موسیقیشناسی قومی، تهران، پژوهشگاه میراث فرهنگی و کتاب سرای نیک.
مسعودیه، محمدتقی. (۱۳۸۳) مبانی اتنوموزیکولوژی، موسیقیشناسی تطبیقی. چاپ دوم. تهران: سروش.
ویکی پدیا
بریتانیکا
مقاله فارسی در انسان شناسی و فرهنگ :
چهرههای اتنوموزیکولوژی، اریک فون هورنباستل
حامد جلیلوند
http://www.anthropology.ir/node/17907
[۱]- Erich Moritz von Hornbostel
[۲] – Comparative Musicology
[۳] – Culture
[۴] – Field work
[۵] – Panpipe
[۶] – Victor Mahillon
[۷] – Hornbostel, opera omnia
[۸] – Jap Kunst