انسان شناسی و فزهنگ
انسان شناسی، علمی ترین رشته علوم انسانی و انسانی ترین رشته در علوم است.

کەسە ناودارەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی: ئێریک فۆن هۆرن بۆستێڵ

حامێد جەلیلوەند وەرگێڕان لە فارسییەوە: ساماڵ عرفانی

ئێریک موریتز فۆن هۆرن بۆستێڵ (١٩٣۵-١٨٧٧)، ئێتنۆموزیکۆلۆجیست، موزیکزان و موزیکدانەری نەمسایی بوو. گرینگترین و ناسراوترین ئیشی، داهێنانی سیستەمی پۆلێن­کردنی ئامێرەموزیکیەکان بە هاوکاری کۆرت زاکس بوو. هورن بۆستێڵ لە وێننا و لە بنەماڵەیێکی موزیک­پەروەر لە دایک بوو.

ئێریک موریتز فۆن هۆرن بۆستێڵ [۱] (١٩٣۵-١٨٧٧)، ئێتنۆموزیکۆلۆجیست، موزیکزان و موزیکدانەری نەمسایی بوو. گرینگترین و ناسراوترین ئیشی، داهێنانی سیستەمی پۆلێن­کردنی ئامێرەموزیکیەکان بە هاوکاری کۆرت زاکس بوو. هورن بۆستێڵ لە وێننا و لە بنەماڵەیێکی موزیک­پەروەر لە دایک بوو. دایکی لە گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکان و باوکیشی لە دادوەرە پلە یەکەمەکانی ئەڵمانیا بوو. هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ پیانۆ و تیۆری موزیک ئاشنایی پەیداکرد، بەڵام خوێندنی باڵای نەک لە موزیک، بەڵکوو لە زانکۆی هایدێڵبێرگ و وێننا ، لە زانستە سرووشتیەکان ئەنجام­دا. و دواترێش دکتۆرای لە زانستی کیمیا لە زانکۆی وێننا تەواوکرد. دواتر رۆشت بۆ بەرلین و وەک یاریدەدەری شتامپف لە دامەزراوەی دەروونناسی بەرلین دەستی بە ئیش­کرد. هورن­بۆستێڵ هەروەها لە ئارشیڤی فۆنۆگرافی بەرلین لەگەڵ شتامپف هاوکاری دەکرد و لە ساڵی ١٩٠۵ بوو بە راگری ئەو دامەزراوەیە. لە ساڵی ١٩٣٣ لەبەر ئەوەی دایکی جوولەکە بوو، لەلایەن نازییەکانەوە لە هەموو ئیشەکانی لابرا و دواتریش لە ئاڵمانیا دەرکرا. هورن بۆستێڵ لە دوای ئەوە، یەکەم جار چوو بۆ سویسڕا و دوایان بۆ ئەمریکا. هەرچەند لە کۆتاییدا، رۆشت بۆ بەریتانیا و لە زانکۆی کەمبریج دەستی بە ئیش کرد. لە ساڵی ١٩٣۵ لە لەندەن کۆچی دوایی­کرد.

هۆرن­بۆستێڵ، هاوشان لەگەڵ شتامپف، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنی موزیکناسی بەراوردی[۲]. بەبڕوای هۆرن­بۆستێڵ، موزیکناسی بەراوردی، شوێنگەی یەکتربڕی سێ زانستی قەومناسی، موزیکناسی و دەروونناسییە و هەربۆیە پێی وابوو کە موزیکناسی بەراوردی لە تێکهەڵکێش­کردنی ئەم سێ زانستە دروست­بووە وجیاوازە لە موزیکناسی قەومی کە زۆرتر گرینگی بە لایەنی کەلتوری و مرۆڤناسی و ئێتنۆگرافیک دەدات(حەجاریان، ١٣٨٧ :۴٧).

هۆرن­بۆستێڵ هیوادار بوو کە موزیکناسی بەراوردی بتوانێ زانیارییە ئەزمونیەکان لە ناسینی شێوازەکانی موزیک، هاڕمۆنی، هەماهەنگی دەنگ و بنەمای ریتم، بەکارببات(هەمان: ۴۵).

هورن­بۆستێڵ لە وتارێکی دا کە لە ساڵی ١٩٠۵ دەرچوو، ئامانج و ئەرکی موزیکناسی بەراوردی ئاوەها باس دەکات: < موزیکناسی بەراوردی سەرەکیترین رێگای ناسین و لێکۆڵینەوە لە ستایلەکانی موزیکە لەبەر ئەوەی کە لەسەر ئەم بنەمایە یەکەم، دەتوانین شیکاری هەموو ستایلەکانی موزیک بکەین. دووهەم، دەتوانین ستایلەکان لەگەڵ یەکتر بەراوردبکەین و جیاوازیەکانیان دەربخەین. لە لایێکیترەوە، بەراوردکردنی ستایلە جیاوازەکانی موزیک لەگەڵ یەکدی، دەبێتە هوی روون­کردنەەوەی تایبەتمەندییەکانی هەریەک لە ستایلەکان، کە ئەم تایبەتمەندییە لێکچووانە دەکرێت وەک یاسای گشتی تۆماربکرێن. بەراوردکردن لە هەموو زانستەکاندا بەکاردەبرێت…>(مەسعوودییە، ١٣٨٣ :١٩). لە شوێنێکی­تر دەڵێت< دەستنیشان­کردنی ستایلەکانی موزیکی کۆن بە بەکارهێنانی ئەوشتەی کە ئێستا لەبەردەستمانە واتە ئامانجی موزیکناسی بەراوردی، کە دەرخستنی پەرەسەندنی مێژوویی و بنەما گشتییەکانی جوانیناسی موزیکە…پێویستە تایبەتمەندییەکانی چاندی موسیقایی خەلکە بەراییەکان، بەراورد بکەین ەگەڵ تایبەتمەندییەکانی موزیکی چاندە کەڤنارەکان. لەسەر ئەم بنەمایە، لە مابەینی موزیکی خەڵکە بەراییەکان و چاندە کەڤنارەەکان لێکچوون هەیە…>(هەمان).

هۆرن­بۆستێڵ، خۆی یەکێکە لە بونیاتنەرەکانی موزیکناسی بەراوردی بەرلین. لێکۆڵینەوەکانی لە ساڵەکانی ١٩٠۴، پلەی ئەوی زۆر بەرزتر کردەوە. باسەکانی ئەو سەردەمە زۆرتر دەربارەی دەرونناسی بیستن لە موزیک و فیزیۆلۆجی بوو، هۆرن­بۆستێڵ بازنەی ئەم باسانەی فراوانتر کرد و باسی مێژوو و چاند[۳]یشی پێ زیادکرد (حەجاریان، ١٣٨٧ :۴٨).

هۆرن­بوستێڵ لیکۆڵینەوەی مەیدانی[۴] نەبوو و لە تاقیگە و ژوورەکەی لەسەر سیلەندرەکانی موزیک ئیشی دەکرد. ئەو لەگەڵ ئابراهام، میتۆدەکەیان زۆرتر چاوی دەخستە سەر لایەنی مێلۆدیک و بە تایبەتی سکێڵەکانی موزیک. ‌ئەوان لە ئیشەکانیان­دا ژمارەی تۆنەکان، پێوەندی تۆنەکان و مەودای تۆنەکانیان شی دەکردەوە. لە رێگەی ئەم شێوە لە لێکۆڵینەوە لەو بابەتانەی نێومان برد، بهسە تیۆریەکان وەک مەودای پێنتاتۆنیک، تێتڕاتۆنیک، تڕای­تۆنیک و یان ئەژمارکردنی مەودا بچوکترەکانیان (چارەکەتۆن) رەچاودەکرد و باسیان لە تۆنە سەرەکییەکان دەکرد لە رووی هەڵکەوتەی هەرەمییان.

ئەو پارچە موزیکانەی کە لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر دەکرا، لە رێگای میتۆدی ئاماری، خاڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ یەکتر بەراورد دەکرا و ئەنجامی گشتی پێشکەش دەکرا. هەروەها لێکدانەوەیان لەسەر ریتم، میتر و پێوەندی نێوانیان و بێژەکان دەکرد. هۆرن بۆستێڵ دەیگوت تایبەتمەندی لێک­چوو لە سیستەمی بیستنی مرۆڤ­دا هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانێ سیستم­گەڵی جیاوازی موزیک، لەیەک جودا بکاتەوە. میتۆدی هۆرن­بۆستێڵ لەسەر بنەمای میتۆدی رۆژئاوایی بوو کە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ رۆڵێکی کاریگەری لەسەر میتۆدۆلۆجی موتالاتی موزیکی جیهان هەبوو(حەجاریان،١٣٨٧ :١٢٧-١٢۶). هورن­بۆستێڵ هەروەها باسی لە پێوەندی زمان و موزیک دەکرد و لەم بارەدا دەڵێ: <پێوەندی موزیک و بێژە وەها لەیەک نزیکە کە باسی ئەوەی کە یەکەمجار کامیان هەبووە، تێکەڵ بووە(هەمان :۴۵).

وتاری “موزیکی ژاپون ” کە لە ساڵی ١٩٠٣ دا بە هاوکاری ئابراهام نوسیویەتی، لە یەکەم وتارەکانە کە باس لە لێکۆڵینەوەی ئاماری موزیکی قەومەکان دەکات و میتۆدێکی تایبەتی بەکارهێناوە کە خەڵکانیتریش بەکاریان هێناوە.

گرینگترین تیۆری هۆرن­بٶستێڵ تیۆریەکەی لەسەر چۆنیەتی بەدوای یەکترهاتنی مەودای پێنجەم بە فووکردنە ناو لوولەی دەنگییە. <هۆرن­بۆستێڵ پێی وایە کە ئەم بەدوای یەکترهاتنە لەبەر جیاوازی کۆمایێکی فیساگورسی بەرابەر لەگەڵ ٢۴سێنت، دروست بووە. واتە مەودای پێنجەم، دەرەنجامی فووکردنە نێو لولەی دەنگی ۶٧٨ سێنتییە. لە بەدوای یەکترداهاتنی مەودای پێنجەم، ئەم کەمییە روو لە زیادبوون دەکات تا رادەیێک کە بەدوای یەکترداهاتنی تەواو نەک بە ١٢ بەڵکوو بە ٢٣، کۆتایی پێ­دێت. هۆرن­بۆستێڵ لەرێگەی ئەم تیۆرییەوە هەوڵ­دەدات کە بنەمای سیستەمی تۆنالی هەندێ لە چاندە موزیکییە نارۆژئاواییەکان دەست­نیشان بکات و پێوەندییان بە شێوازی میرات­هەڵگری یەکتربوون، دەربخات(مەسعوودییە،١٣٨٣ :١٩). هۆرن­بۆستێڵ لەسەر لێکچوونی کۆک کردنی ئامێری پان­پایپ[۵] لە بڕازیل و ئامێری پان­پایپ لە ئوقیانووسیە، ئەم تئۆرییەی دەرکرد کە ئەم دوو ناوچەیە لە کۆندا لەگەڵ یەکتر پێوەندییان هەبووە(نێتڵ١٣۶۵ :١١). ئەم وتارە لە ١٩١٠ بە ناونیشانی ” جۆرەکانی پان­پایپ لە باکوری رۆژئاوای بڕازیل” چاپ­کرا و هۆرن­بۆستێڵ دەیویست بەپاڵپشتی تیۆری فووکردن لە مەودای پێنجەم­دا، چۆنیەتی پەرەسەندنی چەمکێکی موزیکی لە رێگای ئامێرناسی روون­بکاتەوە. هەرچەند ئەم بابەتە رەخنەی زۆری لێگیرا بەڵام هێشتا هەر وەک نموونەیەکی کلاسیک لە ئێتنۆموزیکۆلۆجی لە سەر بەراوردکاری و پەرەسەندن ئاماژەی پێدەکرێت.

وتاری “پۆلێن­کردنی ئامێرەکانی موزیک” کە لە ساڵی١٩١۴ دەرچوو، لە گرینگترین بەرهەمەکانی قۆتابخانەی بەرلینە کە هورن­بۆستێڵ بە هاوکاری کۆرت زاکس نووسیویەتی. ئەم ئیشە بە ئایدیاوەرگرتن لە شێوەی ئیشکردنی ویکتۆرماهیلۆن[۶]، نووسراوە و هێشتاکان هەر یەکێکە لە سەرچاوەکان بۆ پۆلێن­کردنی ئامێرەکان. هۆرن­بٶستێڵ پەرتوکێکی تایبەتی دەربارەی موزیکناسی بەراوردی نەنووسی و زۆربەی نووسراوەکانی بە شێوازی وتار لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بڵاو بۆوە. کۆی نووسینەکانی هۆرن­بۆستێڵ و هەندێک لە نووسینەکانی ئابراهام بە نێوی ” ئوپرائامنیا”[۷] لەسەر ئەرکی یاپ کونست[۸] کۆکرایەوە وچاپ کرا. لە شاگردەکانی دەتوانین ئاماژەبکەین بە جۆرج هێرتزاگ، کۆرت­زاکس، جۆرج شونمان، موریس شنایدێر، رابێرت لاکسمان، هانزهایکمان، هێنریش هۆسما، هانس دراگر، ڤاڵتر ویۆرا، کلۆز ڤۆکسمان، فرانتز بواس، فریتز بۆس و کۆلینسکی. هەندێ لە بەرهەمەکانی­تری بریتین لە: مۆتالای سیستەمی تێتڕاکۆرد لە موزیکی ژاپۆن (١٩٠٣)، موزیکی تورکی تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف (١٩٠۴)، موزیکی هندی تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف (١٩٠۴)، دەربارەی گرینگی فۆنۆگراف و موزیکناسی بەراوردی (١٩٠۴)، میلۆدی بۆمیەکانی ئەمریکا (نیشتەجێی کۆلۆمبیای بەریتانیا) تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف (١٩٠۶)، موزیکی مەکوشی، تالیپانگ و یەکونا (بومی ئەمریکا)، وتاری “گرینگی بەکارهێنانی فۆنۆگراف لە زانستی موزیک­دا” (١٩٠۴)، میلۆدی تونس تۆمارکراو لەسەر فۆنۆگراف، میلۆدی سەما، خوێندنەوە لەسەر موزیک-دەروونناسی، بابەتەکانی موزیکناسی بەراوردی، لێکۆڵینەوەی ئەزمونی لە دەروونناسی موزیک­دا، لێکۆڵینەوە لەسەر موزیکی “تیرا دل فواگۆ”، وتاری “پێشنیارێک بۆ بەنۆتەکردنی میلۆدییە بێگانەکان” (١٩٠٩)، وتاری “میلۆدی و سکێڵ” (١٩١٢)، وتاری “موزیکی رەشپێستەکانی ئەفریقا”(١٩٢٨)، و وتاری “ئاوازەکانی فیوجی”(١٩٣۶) دەربارەی عەشیرەی فیوجی ئەمریکا.

سەرچاوەکان:

حجاریان، محسن. (۱۳۸۵) مقدمه‌ای بر موسیقی‌شناسی قومی، تهران، پژوهشگاه میراث فرهنگی و کتاب سرای نیک.
مسعودیه، محمدتقی. (۱۳۸۳) مبانی اتنوموزیکولوژی، موسیقی‌شناسی تطبیقی. چاپ دوم. تهران: سروش.
ویکی پدیا
بریتانیکا

مقاله فارسی در انسان شناسی و فرهنگ :

چهره‌های اتنوموزیکولوژی، اریک فون هورن‌باستل
حامد جلیلوند
http://www.anthropology.ir/node/17907

[۱]- Erich Moritz von Hornbostel

[۲] – Comparative Musicology

[۳] – Culture

[۴] – Field work

[۵] – Panpipe

[۶] – Victor Mahillon

[۷] – Hornbostel, opera omnia

[۸] – Jap Kunst