انسان شناسی و فزهنگ
انسان شناسی، علمی ترین رشته علوم انسانی و انسانی ترین رشته در علوم است.

چاندی ئاژەڵان

فرانس دووال

فرانس دووال، پریمادناس[۱] و بەڕێوەبەری ناوەندی نەتەوەیی پریمادناسی یێرکس[۲] لە زانکۆی ئێمۆری[۳] ئاتلانتایە. چەندین کتێبی دەربارەی ژیان و رەفتاری ئاژەڵان نووسیوە.

 

گۆڤاری زانستە مرۆییەکان: پێناسەت بۆ «فەرهەنگی ئاژەڵان» یان «فەرهەنگی گیان لەبەران» چییە؟

فرانس دووال: هەرکاتێک زانیارییەکان لە رێگەیێکی کۆمەڵایەتییانەوە بگوازێنرەوە، ئەوا دەتوانین باس لە «فەرهەنگی ئینسانی» و «فەرهەنگی ئاژەڵان» بکەین. بۆ نموونە ئەگەر من بە سەیرکردنی تۆ فێری سەما کردن ببم و نەک خۆی خۆڕسک لە مندا هەبووبێ، ئەوە لێرە دەتوانین باس لە فەرهەنگی سەما بکەین، چون خەڵکانێکیتر لاسایی ئێمەیان کردۆتەوە. لە گرووپێکدا، هەموو ئەندامەکانی وەک یەکتر سەما دەکەن لە حاڵیکدا لەوانەیە کە لە گرووپەکانیتر شێوازی سەماکردن جیاواز بێ. کە بەم شێوەیە، جیاوازیێکی فەرهەنگیمان دروست کردووە. ئەم جیاوازییە لە ئاژەڵەکانیشدا دەبینرێت. مرۆڤناس و بوونەوەرناسی ژاپۆنی، کینجی ئیمانشی[۴] یەکەم زانا بوو کە لە دەیەی ١٩۵٠ باسی لە فەرهەنگی ئاژەڵان کرد. سەیریش نییە کە ئەم چەمکە لە ڕۆژهەڵات لەدایک بوو، لەبەرئەوەی کە لە خۆراوا هەوڵمان ئەوە بووە کە تەنها مرۆڤ خاوەن فەرهەنگ بزانین و پێمان وابێ کە ئەمە وا دەکا کە مرۆڤ گرینگتر بێ لە ئاژەڵەکانیتر: ئێمەی ڕۆژاوایی پێمان وایە کە ئەوە فەرهەنگە کە ئێمە دەکاتە مرۆڤ. بۆیە لە بەرانبەر ئەم بیرۆکەیە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەهات و هێشتاش هەر دێ، بەرگری دەکەین. بەڵام فێرخوازەکانی کینجی ئیمانشی بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی زۆریان کۆ کردۆتەوە. ئەوان سەیریان کرد کە مەیموونەکانی دوورگەیێکی بچووکی باکووری ژاپۆن پێش ئەوەی پەتاتە بخۆن، پەتاتەکە دەشۆنەوە. یەکەم جار، خۆی مەیموونێکی مێیە ئەم کارەی کرد و دواتر ئەو مەیموونانەیتر کە لە نزیکیەوە بوون وایان کرد و سەرەنجام هەموو مەیموونەکانی دوورگەکە ئەم ڕەفتارەیان ئەنجام دا.

 

گۆڤاری زانستە مرۆییەکان: کامانەن ئەو بەڵگانەی کە دەریدەخەن کە هەندێک لە رەفتارە دەسخستەکییەکان[۵]، لە ڕێگەی لاسایی کردنەوەوە دەگوازرێنەوە، ئەگەر نەڵێین هەموو لانیکەم لە نێو هەندێک لە بوونەوەرەکان؟

فرانس دووال: دەتوانین ئاماژە بدەین بە کەیسی مەیموونە پێشکەوتووەکانی وەک شامپانزەکان. لەو لێکۆڵینەوەی کە بڵاومان کردۆتەوە، بابتگەلێکی گرینگ لەم بارەوە باس کراون، لەبەرئەوەی کە هەندێ لە پسپۆڕان هێشتا گومانیان هەیە لەوەی کە بوونەوەران بتوانن فێر ببن. ئەوان پێیان وایە کە ئەم کەیسانە، نموونەگەلێکی تاک و تەران، واتە هەر بوونەوەرێک تەنها بۆ خۆی فێری شتێک دەبێ بە بێ ئەوەی کە «لاسایی کردنەوە» ڕۆڵێکی هەبێ و هەر بۆیێ پێیان وایە کە ناکرێ بە ڕوونی باس لە گواستنەوە یان فەرهەنگ بکەین. بەڵام ئێمە توانیمان بە پاڵپشتی ئەزموون بەرپەرچی ئەم لۆجیکە بدەینەوە. ئێمە هاتین شامپانزەیێکی مێیەمان فێر کرد کە بە بەکارهێنانی میلەیێکی چێوی، دەرگای قوتوویێکی شیرینی بکاتەوە. دواتر هاتین  شامپانزەی مێیەی گرووپێکیترمان فێری ڕێگەیێکیتر کرد بۆ کردنەوەی دەرگای قوتوویێکی شیرینی(بۆ گەیشتن بە هەمان نەتیجە)کە جیاواز بوو لەو رێگەی فێری شامپانزە مێیینەکەی گرووپی یەکەممان کردبوو. دواتر هەردوو شامپانزەکانمان ناردەوە بۆ ناو گرووپەکانی خۆیان و قوتووی شۆکۆلاتەکانمان بۆیان دانا. بینیمان کە هەر گرووپ، بە هەمان شێواز کە  یەکەم شامپانزەی ئەو گرووپە فێرکرابوو، قوتووە شیرینیەکەیان دەکردەوە: واتە بە شێوازی «مۆدێلی» خۆیان. هەڵبەت هەندێک لە شامپانزەکان میتۆدگەلێکیتری تایبەتی خۆیان دۆزیبووەوە بەڵام دوای ماوەیێک گەڕانەوە سەر هەمان شێوازی «مۆدێل».

لێرەیا بوو کە  هاتین باسمان کرد لە چەمکی «بەدوو کەوتنی فەرهەنگی»، واتە لەوانەیە کە شامپانزەکان چەندین ڕێگە بزانن بۆ ئەنجامدانی کارێک بەڵام لە ئەخیرەوە پێیان باشترە کە میتۆدی زۆرینە بەکار بێنن. ئەمە یەکەم جارە کە ئاوا بە ڕوونی پیشان بدرێ کە لێزانینێکی نوێ بە شێوازێکی شارەزایانە بهێنرێتە نیو گرووپێک لە مەیموونە گەورەکان (پێشکەوتوو) و دواتر ئەم لێزانینە لە نێویانا بە شێوازی فەرهەنگی بڵاو ببێتەوە. ئێمە هەروەها یارمەتیمان وەرگرت لە گرووپێکی سێهەم کە هیچ “مۆدێلێک”یان فێرنەکرابوو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. لەم گرووپەدا، شامپانزەکان سەرەڕای هەوڵدانێکی زۆر نەیانتوانی هیچ ڕێگەیێک بدۆزنەوە بۆ کردنەوەی قوتووی شیرینیەکە. هەموو ئەم نیشاندەرانە، دەمانبەن بەرەو ئەو ئاراستەیە کە بڕوا بێنین بەوەی کە مەیموونە پێشکەوتووەکان، نەریتی فەرهەنگییان هەیە.

 

گۆڤاری زانستە مرۆییەکان: ئەمە چ شتێک لە ڕوانینمان بۆ سەر «فەرهەنگ» دەگۆڕێ؟

فرانس دووال: لەمێژە کە پێداگری دەکرێ لەسەر ئەوەی کە لە ناو ئاژەڵاندا، ئەوە تەنها مرۆڤە کە خاوەن چاندە، لە حاڵێکدا کە فەرهەنگ لە نێو ئاژەڵەکانیشدا دەتوانێ ببێتە هۆی مان و نەمانیان. ئاژەڵێک کە لە قەفەسدا گەورە بووە ناتوانێ بگەڕێتەوە نێو سرووشت. ئەو ئاژەڵە مەترسییەکانی ناو سروشت نازانێ، نازانێ چۆن خواردن بدۆزێتەوە، چۆن خۆی بپارێزێ، و ڕووەکە دەرمانییەکان ناناسێ هەتاکوو لە کاتی نەخۆشیدا بەکاریان بێنێ. ئەو ئاژەڵە بێبەش دەبێ لەو فێرکارییانەی کە پێویستن بۆ ژینی ناو سرووشت.

لە ناو زۆرێک لە جۆری ژیرەکان، ئەم لێزانینانە لە ڕێگەی لاسایی کردنەوەوە دەگوازرێنەوە. ئەمە بەو مانایە کە مانەوەیان بەستراوەتەوە بەو زانستەی کە بە ڕێگایێکی فەرهەنگیانە بەدەستی دێنن. بە دڵنیاییەوە فەرهەنگی مرۆڤ، ئاڵۆزترە و هەندێ کەرەسەی سەمبۆلیک بەکار دێنی کە لای ئاژەڵەکانیتر نایبینین. بەڵام دەتوانین بڵێین کە فەرهەنگ تایبەتی مرۆڤ نییە.

 

گۆڤاری زانستە مرۆییەکان: کاتێک کە باس دەکەین لە فەرهەنگ لە مرۆڤدا، راستەوخۆ باسی جۆراوجۆریش دێتە ئاراوە، ئەیا لە ناو ئاژەڵەکانیشدا جۆراوجۆری فەرهەنگی هەیە؟

فرانس دووال: لە سرووشتدا گرووپی شامپانزەکان، نەریتەکانیان ئەوەندە لێک جیاوازە کە هەر پسپؤڕێکی ئەو بوارە تەنها بە سەیرکردنێکی سادەی ڤیدیۆکان، دەتوانێ بڵی کە ئەو فیلمە لە کوێ گیراوە، بە بێ ئەوەی کە جۆری گیاکان یان شکڵی مەیموونەکان بناسێتەوە. واتە تەنها سەیرکردنی ڕەفتاریان کە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر جیاوازە، بەسە بۆ ناسینەوەی گرووپەکان. هەندێ لە گرووپەکان عادەتیانە کە ناوکەکان بە بەرد بشکێنن، هەندێ گرووپیتر وا ناکەن. هەندێک لە گرووپەکان ئەداهایێکی تایبەتی خۆیان هەیە کە گرووپەکانیتر نییانە. ئەم جۆراوجۆرییە هەم لەو ئاژەڵانەدا دەیبینین کە لە سرووشتدا دەژین و هەم ئەو ئاژەڵانەی کە لە ئەسیریدا دەژین. ئێمە لە ناوەندی یێرکس، گرووپێکی شامپانزەمان هەیە کە لە کاتی ئەسپێکوشتن بۆ یەکتری، دەستیان مشت دەکەن و ئەمان تەنها گرووپێکن کە ئەم کارە بەو شێوەیە ئەنجام دەدەن.

 

گۆڤاری زانستە مرۆییەکان: ئایا ئەمانەی کە باست کرد، ڕۆڵی زمان و فەرهەنگی سیمبۆلیک لە ڕەوتی مرۆڤناسی دەگۆڕێ؟

فرانس دووال: زاڵبوون بەسر زمان جیاوازە لە بەکارهێنانی نماناکان. ڕاستە کە لە مرۆڤدا، ئەم دوو لێزانینە زۆر بەستراونەتەوە بە فەرهەنگ: زمان بۆ گواستنەوەی فەرهەنگ بەکار دێ و نماناکان، کاری فەرهەنگییان هەیە. بەڵام دیاردەی گواستنەوەی فەرهەنگی، زۆر کۆنترە لە زمان. زمان، بۆ فێربوون زەروور نییە. بۆیە من پێم وایە کە دەبێ بابەتی زمان و مەبەستی جودا بکەینەوە لە بابەتی بنچینە و گەشەی فەرهەنگ. هەرچەندە کە لە جۆری مرۆڤدا ئەم دوو دیاردەیە زۆر تێک ئاڵاون و تێکەڵکێشی یەکترین.

 

*ئەم گفتوگۆیە وەرگێڕدراوی ئەم بابەتەیە کە لە خوارەوە هاتووە و دواتر ناسر فەکووهی لە فەڕانسییەوە کردوویەتی بە فارسی:

Magazine des Sciences Humaines, Les Grands Dossiers, no. 1, L’origine des Cultures, Janvier, Fevier 2006.

وەرگێڕانە فارسییەکەی لەم کتێبەدا چاپ کراوە: گفتگوهایی درباره انسان و فرهنگ، ترجمه ناصر فکوهی، انتشارات فرهنگ جاوید، ۱۳۸۹.

[۱] .Primatology

[۲] .Yerks

[۳] .Emory

[۴] .Kinji Imanshi

[۵] . اکتسابی

این متن ترجمۀ گفتگوی مجلۀ علوم انسانی با فرانس دووال، از فارسی به زبان کردی است.