انسان شناسی و فزهنگ
انسان شناسی، علمی ترین رشته علوم انسانی و انسانی ترین رشته در علوم است.

مرۆڤناسی سیاسی باس لە چی دەکات؟

مرۆڤناسی سیاسی[i]، یەکێکە لە لقەکانی زانستی مرۆڤناسی کەلتووری[ii]. خۆی باس کردن لە سیاسەت و رامیاری، لە باسە کۆنەکانی زانستی مرۆڤناسییە، بەڵام وەک لقێکی دیاریکراو لە ساڵانی ۴٠ و ۵٠ دروست­بوو. واتە بواری رامیاری، لە یەکەم بوارەکانە کە مرۆڤناسەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن، و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی دەسەڵاتداری بەسەر وڵاتانی ژێرەدەس[iii]. ولاتە داگیرکارەکانی رۆژاوا،

بۆ ئیدارە کردنی وڵاتانی کلۆنیال، پێویستیان بوو کە ببن بە دەسەڵاتداری سیاسی لەو ولاتانەدا، و بۆ سەرکەوتن لە دەسەڵاتداری سیاسیشدا، پێویست بوو کە سیستەمی سیاسی وڵاتانی ژێرەدەستیان باش بناسن. وڵاتانی داگیرکار، لە خۆێاندا، ناکۆکیان هەبوو، لەبەر ئەوەی کە لە داخلی خۆیان­دا جەختیان لە دیمۆکراسی، بەرابەری و یەکسانی دەکرد، بەڵام لە وڵاتەداگیرکراوەکان­دا، خۆیان بە پێچەوانەی ئەمە هەڵسوکەوتیان دەکرد)بۆ نمونە بە کودەتا و گەندەڵی کەسێکیان دەکردە سەرۆکی ولاتەکە). وڵاتە داگیرکارەکان، یەکەم جار بە پاڵپشتی تیۆری گەشە­کردن[iv]، دەستیان کرد بە دەس­تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ژێرە دەستیان لە هەموو بوارەکانی ئابووری، ئایین، سیاسەت و…،. داگیرکاران، لە رێگەی تیۆری گەشەکردن، بیانوویان بۆ بوونی خۆیان لە کاروباری ئەو وڵاتانە دەهێنایەوە و دەیانوت ئێمە یارمەتی ئەم وڵاتە “دواکەوتووانە” دەدەین، هەتاکوو خێراتر رێگەی گەیشتن بە دیمۆکراسی، پێشکەوتوویی و مۆدێڕن­بوون، ببرن و زووتر بگەن بەم قۆناغەی کە ئێمەی پێشکەوتوو، پێی گەشتووین. بۆیە دەبێ یارمەتی ووڵاتە دواکەوتووکان، بدەین کە هەتا زووە، سیستەمی پارە و بازاڕ بەکاربێنن و بێنە نێو سیستەمی نێودەوڵەتی ئابووری و هەروەها دەبێ ببن بە خاوەنی دەوڵەتی دیمۆکراتیک. ئەگەر ئێمە یارمەتی شەرق نەدەین، شەرق خۆی زۆر سست و بێ جم و جۆڵە و هیچ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی تێیدا روونادا و هەتا هەتایە، هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمەی مرۆڤدۆست و دلسۆز، ئەم پڕۆسەیان بۆ خێرادەکینەوە و زوو دەیانگەیێنینە شوێنی مەبەست. ووڵاتانی داگیرکار خۆیان خاوەن شارستانیەت دەزانی وڵاتی ژێرەدەستیان بە بێ شارستانیەت دەزانی. کە دواتر دوای ساڵانێکی زۆر ئەزموون و بەهەڵەداچوون و رژاندنی خوێنی خەڵکانێکی زۆر و لەناوبردنی چەندین کۆمەڵگە، بۆیان دەرکەوت کە ووڵاتانی­تریش خاوەن کەلتور و ئەندێشەن، هەرچەند لە هی ئەوان جیاوازە. تیۆرییە لە رووکەش جوانەکەی گەشەکردن، داری دا بە رۆحی وڵاتانی چەوساوە. لەبەر ئەوەی کە ئەم گۆڕانکارییە کە وڵاتانی رۆژاوایی باسیان لێدەکرد، رۆشتن بەرەو ئەورووپی و ئەمریکی بوون، بوو. گۆڕان لەسەر بنەمای ئێتنۆسێنتریزمی ئەوڕوپی. ئەم بنەما فکرییە پێی وابوو کە تەنها یەک رێگا هەیە بۆ هەموو ووڵاتان کە دەبێ پێیدا بڕۆن بۆ گەیشتن بە پێشکەوتوویی و ئەویش ئەو رێگەیە کە رۆژاواییەکان دەستنیشانی دەکەن. گۆڕانی مێشکی رۆژهەڵاتییەکان، کارێکی ئاسان نەبوو بۆیە هەندێ جار توندوتیژییان بەکار دەهێنا، بەڵام دەیانبینی کە نرخی بەکارهێنانی توندوتیژی زۆرە و باشتروایە ئێش لەسەر مێشکی ئەو خەڵکانە بکەن بۆ ئەوەی کە بتوانن بیانکەن بە کۆیلەی خۆیان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، دەبێ ئەو خەڵکە زۆر بە باشی بناسن، بەتایبەت دەبێ سیستەمی دەسەڵاتداری سونەتی ئەوان بە باشی شارەزا ببن تا بتوانن بیانهێننە ژێر رکێفی خۆیان. سەرەتا بۆ ئەم مەبەستە بوو کە زانستی مرۆڤناسی سیاسی لە دایک بوو. بەڵام ئەم زانستە زۆر زوو خۆی لە خزمەت کردن بە دەسەڵاتداران رزگار کرد و کەوتە هەوڵی ئەوەی کە بتوانێ یارمەتی ووڵاتانی ژێرەدەست بدات. بۆیە زۆرێک لە یەکەم مرۆڤناسانی سیاسی، یاساناسان بوون کە دوایی هەوڵێکی زۆریان دا کە بتوانن یاسای ووڵاتە داگیرکارەکان لە دژی خۆیان بەکار بهێنن بۆ ئەوەی کە بتوانن یارمەتی بۆ نمونە بومییەکانی ئەمەریکا بدەن کە بتوانن بەشێک لەو خاکەی کە لێیان داگیرکرا بوو، رابگرن کە تێیدا بژین. واتە زۆرێک لە مرۆڤناسانی سیاسی، بوون بە پارێزەری ئەو خەڵکە چەوساوەیەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکردن.

ئەوە سەرەتای دروست­بوونی مرۆڤناسی سیاسی بوو و ئەم زانستە، ئەوڕۆ روانینێکی زۆر بەرفراوانی هەیە، بۆ نموونە باس لەوە دەکات کە لە کایە سیاسییەکان­دا، سیستەمی خزمایەتی و فامیلی، چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنەکان­دا هەیە؟ بۆ نمونە لەوانەیە لە کۆمەڵگە سونەتییەکان، ببینین کە ژنێک دەبێ بە سەرۆک کۆمار، وەک نمونەی هند لە کاتی کچەکەی گاندی، یان پاکیستان لە کاتی بێنەزیربۆتۆ. بەڵام خۆ ئەم دیاردەیە بە پێچەوانەی راستییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارانەیە! چۆنە تێیدا ژن دەبێ بە سەرۆک کۆمار؟! لێرەدایە کە مرۆڤناسی سیاسی باس لە شێوازی گواستنەوەی دەسەڵات لە نێو فەمیلە دەکات و باس لە بەترانەوە بە لقی نێرینەی هێز و دەسەڵات دەکات. لەو دوو کەملگەیەی کە بۆ نموونە ناومان بردن، هەردوو نەک لەبەر ئەوەی کە گۆڕانکارییەک لە پێگەی ژن تێیاندا رووی دابێ، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئەو ژنانە زۆر نزیک بوون لە پیاوە دەسەڵاتدارەکەوە، توانینیان بگەن بەو پێگەیە. واتە ئەو ژنانە ئەو سەرکەوتنەیان لەبەر ئەوەی بەدەست هێنا کە کۆمەڵگەکەیان پیاوسالار بوو تا ئەو رادەیەی کە نێرینە توانی دەسەلاتی خۆی بگوازێتەوە و بیداتە دەستی مێیینەیێک لە نێو خیزانەکەی خۆیدا، نەک لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگە بیرو رای گۆڕا بوو و پێی وابوو کە ژن و پیاو بەرابەرن. لێرەدایە کە مرۆڤناسی سیاسی فریامان دەکەوێ کە بۆچوونەکانمان، رووکەشی نەبن و بچینە بنج و بناوانی دیاردەکانەوە. یان نموونەیێکی­تر لە بابەتەکانی مرۆڤناسی سیاسی، ئەوەیە کە ئەم زانستە لێکۆڵینەوە لەسەر هێماناسی سیاسی دەکات. بۆ نموونە باس لەوە دەکات کە بۆچی کاندیداکانی هەلبژاردنەکان، بە شێوازێکی تایبەت لە وێنە­کانی هەلبژاردنەکان­دا ژێست دەگرن، یان جل لەبەر دەکەن، پێوەندی رەنگ و سیاسەت چییە، چۆن میدیاکان، هەوڵ دەدەن کار بکەن لەسەر بیروبۆچوونی سیاسی خەڵکەوە، دین و سیاسەت، جێندەر و سیاسەت، داب و نەریتە سیاسیەکان، قەومییەت و سیاسەت، هەندێ لە بابەتەکانیتری مرۆڤناسی سیاسین.

[i] – Anthropology of Politics

[ii] – Cultural Anthropology

[iii] – Colonial

[iv] – Evolutionism