انسان شناسی و فزهنگ
انسان شناسی، علمی ترین رشته علوم انسانی و انسانی ترین رشته در علوم است.

شێوەتو، کۆنترین شوێنەواری مرۆڤ لە کوردستان (شیوه تو، قدیمی ترین زیستگاه بشر در کردستان)

رحمت نادری

ڕەحمەت نادری کارناسی باڵای کۆنینە‌ناسی

کۆنترین و درێژترین سەردەمی ژیانی مرۆڤ بە سەردەمی “کۆن بەردی” نێودێر دەکردی. ئەم سەردەمە لە سێ میلیون ساڵ پێش تا نیزیک بە دوازدە هەزار ساڵ پێش دەخاینێ. لە سەر ئەساسی کەل‌وپەلی کۆنینە‌ناسی، سەرەتایی‌ترین بەڵگەکانی ئەو سەردەمە (کە هاوکاتە دەگەڵ هاتنەئارای مرۆڤ) لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دۆزراوەتەوە. ئەم سەردەمە خۆی دابەش دەبێ بە چوار بەش: کۆن‌بەردی قەدیم (سێ‌میلیون تا دووسەدوپنجاە هەزار ساڵ پێش), کۆن‌بەردی ناوین (دووسەدوپەنجا هزار ساڵ تا چل‌هەزار ساڵ پێش), کۆن‌بەردی نێوی (چل هەتا هەژدەهەزار ساڵ پێش) و کۆن‌بەردی سەرەوە (هەژدە تا دوازدە هەزار ساڵ پێش)ە. چۆنێتی ژیان لە ئەم سەردەمەدا زۆرتر ڕاو و هەروەها کۆکردنەوەی دانەوێڵە و هەروەها مردارخواردن بوە. ئەم سەردەمە بەهۆی دوورودرێژی و بوونی مرۆڤ, تایبەت‌مەندی و گرینگایەتی خۆی هەیە لە بواری ناسینی مرۆڤ.

لە ئێران‌دا کۆنترین بەڵگەی ئەم سەردەمە نیزیک بە یەک میلیون ساڵ پێش و لە باکوری مەشهەد و شوێنەوارێک بە نێوی “کەشەف روود بە دەست هاتوە. لە ناوچەگەلی‌تری ئێرانیش تا ئێستا تاقمێک ئاسەواری ئەم سەردەمە بەدەست هاتوە. یەکێک لە گرنگترین ناوچەکان لە بواری کۆنینەناسی ئێران کە بە “بەهەشتی کۆنینەناسی ئێران” نێودێر دەکرێ، کوێستانی زاگروسە و بەتایبەت لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لۆرستان دایە، بە شێوەیەک کە زۆرترین زانیاری سەبارەت بە کۆن‌بەردی لە ئێران‌دا لەم ناوچەیە بەدەست هاتوە.

بەڵام لە ناوچەکانی باکوری زاگروس و لە پارێزگای کوردستان و باشوری زڕیای ورمێ، تا ئێستا بەڵگەی زۆر کەم لەم سەردەمە وەدەست هاتوە. تەنانت لە پارێزگای کوردستان لە نیزیک گۆمی زرێوار شوێنەوارێک پێوندی‌دار بەسەردەمی کۆن‌بەردی ناوین، چەند شوێنەوار لە هەورامان، شوێنەواری شاریکەند لە نیزیک سەقز (سەردەمی کۆن‌بەردی قەدیم) و ئەشکەوتی تەمتمە (سەردەمی کۆن بەردی ناوین) وەدەست هاتوە. هەڵبەت نەبوونی لێکۆلینەوەی سیستماتیک لەم ناوچەیە یەکێکە لە هۆیەکانی ئەم لاوازیە.
شوێنەواری شیوەتو، لە مەودای حەوت کیلومیتری باشوری ڕۆژئاوای مەهاباد و لە سەر تەنیشتی چۆمی مەهاباد (جانداران) و بەرزایی ١٣٨٠ میتری لە دەریا هڵکەوتوە. لە ساڵی ١٣٨٣ ــ ١٣٨۴ لە ماوەی تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەی سمکۆ عەلیپور (کارناسی مێژوو) و ڕەحمەت نادری لە سەر ئەم شوێنە تاقمێکی بەرچاوی کەرێستەی بەردین پێوندی‌دار بە سەردەمی کۆن­بەردی قەدیم وەدەست هاتوە، لێکۆڵینەوەکانی سەرەتایی ئەم کەرێستانە لە مۆزەخانەی میللی ئێران بە ئاکام گەیشت. لە قۆناخی دواتری ئەم لێکوڵینەوەیە، دەستەی هاوبەشی ئیران ــ فەرانسە لێکۆڵینەوەی وردتری بە ئەنجام گەیاند و تا ئێستا چەند وتاری زانستی لە چەند ژورنال و کتێبی زانستی کۆنینەناسی‌دا بڵاو بوتەوە.
شوێنەواری شیوەتو، شوێنێکی ڕوو ئاوەڵا لە قەراغی چۆمی مەهابادە. لەم شوێنەدا تاقمێک کەرێستەی بەردین وەک دووڕویە(۱) ، کاکڵە بەرد (۲) و کەریسەی قەلەشینەر (۳) کە هەمویان پێوەندی‌دارن بە سەردەمی کۆن­بەردی قەدیم، وەدەست هاتون. لە نمونەی ئەم ئاسەوارە تا ئێستا لە ڕۆژهەلاتی ئافریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوین و چەند شوێن لە ئوروپا بە دەست هاتوە.

سەبارەت بە مرۆڤی ئەم سەردەمە، بە سرنج‌دان بە ئەم ئاسەواری کە لە شوێنەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئافریقا دوزراوەتەوە، مرۆڤی راست قامەتە (۴) و دەتوانیین بلێن کە لە شیوەتوش هەر ئەم مرۆڤە ژیاوە. مرۆڤی ڕاست قامەت یەکێک لە مرۆڤەکانی سەردەمی زۆر کۆنە کە لە ده­وری دوو میلیون ساڵ پێش تا سەد هەزارساڵ پێش ژیاوە و ئاسەواری بەردین و ئێسکی ئەم مرۆڤە تا ئێستا لە ئافریقا و ڕۆژهەلاتی ناوین دوزراوەتەوە. ئەم مرۆڤە هەوەڵ مرۆڤ بوە کە لە ئافریقا کۆچی‌کردوە و توانیوێتی لە ئاگر کەڵک وەرگرێت. تا ئێستا بێجگە لە ئاسەواری بەردین، لە کوردستان و ئێران هیچ ئاسەواری ئێسقان ئەم مرۆڤە نەدۆزاوەتەوە.

بە سرنج‌دان بە کەڕێستە بەردینەکانی وەدەست هاتوو لە شوێنەواری شیوەتو، و تۆژینەوەکانی کە تا ئێستا لەم مەڵبەندە کراوە دەتوانین بڵێن کە ئەم شوێنەوارە دەگەڕێتەوە بۆ نیزیک چوارسەدهەزار ساڵ پێش ئێستا، کە هەڵبەت بەشێک لەم تۆژینەوە لە هەڵسەنگاندنی ئەم کەل و پەلە بەردینە لەگەڵ ناوچە و شوێنەکانی‌تر وە­دەست کەوتووە.

لێکۆڵینەوەی زۆرتر دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر زانیاریمان بداتێ لە سەر ژیان و هەروەها وڵام دەری تاقمێکی هەرە گرینگ لە پرسیارەکان بێت.

شوێنەواری شیوەتوی مەهاباد کۆنترین شوێنەوارە کە تا ئێستا لە کوردستان وەدەست هاتوە و گرینگایەتی ئەم شوێنە لە وڵام دانەوە بۆ ئەم پرسیارەیە کە هەوەڵ مرۆڤ لە کۆی‌را هاتوتە ناوچەی کوردستان و دواتر ئێران.

کەریستەکانی ئەم شوێنەوارە ئێستا لە موزەخانەی میللی ئێران لە بەشی لیکۆڵینەوەکانی کۆن بەردی دەپارێزرێن.

سیروان، ژومارەی ۹۰۹، ساڵی ۱۸، شەممە ۲۹ی خەزەڵوەری ۱۳۹۵

zagrosnaderi@gmail.com

Biface
۲ Core
۳ Chopper
۴ Homo Erectus

-۲.pdf

-۲.pdf